حەیدەر عەبادی و دۆناڵد ترەمپ کۆ دەبنەوە

 حەیدەر عەبادی و دۆناڵد ترەمپ کۆ دەبنەوە
سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا کۆ دەبنەوە و تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش دەکەن.



شۆن سپایسەر، گوتەبێژی کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) رایگەیاندووە، کە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دوو هەفتەی داهاتوودا سەردانی ئەمریکا دەکات.



لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، کە دوای 20.3.2017 ئەنجامی دەدات، حەیدەر عەبادی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆ دەبێتەوە.



تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە شەڕی دژی داعش و پێشڕەویی هێزە عێراقییەکان لە شاری مووسڵ دەبێت، جگە لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات.



سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19.2.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.



رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.



هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ‌یان راگەیاند.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.





باسنیوز
Top