هاووڵاتییانی رۆژهەڵات پەیام بۆ بەری رۆژئاوای مووسڵ دەنێرن

هاووڵاتییانی رۆژهەڵات پەیام بۆ بەری رۆژئاوای مووسڵ دەنێرن
هاووڵاتییانی بەری رۆژهەڵات (چەپ)ی شاری مووسڵ پەیامێکی نووسراو بۆ دانیشتووانی بەری رۆژئاوا (راست)ی شاری مووسڵ دەنێرن.

لە پەیامەکانیاندا، کە وەزارەتی بەرگریی عێراقی چاپی کردوون و ملیۆنان دانەی لێ بە فڕۆکە لە بەری رۆژئاوای مووسڵ خراوەتە خوارەوە، دانیشتووانی بەری رۆژهەڵات نزای سەلامەت بوون و پاریزراو بوون بۆ هاووڵاتییانی بەری رۆژئاوا دەکەن.

هەروەها هاووڵاتییانی بەری رۆژهەڵات داوای هاوکاریکردنی هێزە عێراقییەکان لە هاوشارییەکانیان لە بەری رۆژئاوا دەکەن، تاوەکو ئەوانیش بە تەواوی رزگار بکرێنەوە.

سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19.2.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.

رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.

هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ‌یان راگەیاند.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.










باسنيوز
Top