پەرلەمانتارێک: چەکدارانی حەشد بە جلی مەدەنی بەشداریی شەڕی مووسڵ دەکەن
ئیسلام حوسێن، پەرلەمانتاری عێراق ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق ھەوڵ دەدات چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە شەڕی موسڵ و تەلەعفەر بەشداری پێ بکات، ”ئەمەش لەلای سوننەکان بە ھێڵی سور دادەنرێت".
ئیسلام حوسێن پێیوایە هەرچەندە هەولێر و بەغدا بە سەرپەرشتیی هاوپەیمانان رێککەوتوون لەسەر بەشداری نەکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، ”بەڵام ڕۆژانە حەشدی شەعبی لەو ناوچانە نزیک دەبێتەوە، و زانیاریی ئەوەش هەیە، کە ئەو چەکدارانە بە جلی مەدەنی بەشداریی شەڕ دەکەن“.
هەروەک ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی پێکردووە، حەشدی شەعبی میلیشیایەکی ”تائیفییە و بۆ تۆڵەسەندنەوە لە سوننەکان دەچنە مووسڵ".
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19.2.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵیان راگەیاند.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنیوز
