وەزیری دەرەوەی تورکیا: حەشدی شەعبی مەترسی لەسەر مووسڵ دروست دەکات

 وەزیری دەرەوەی تورکیا: حەشدی شەعبی مەترسی لەسەر مووسڵ دروست دەکات
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیەنێت، کە چوونی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆ شاری مووسڵ مایەی هەڕەشەیە.



مەولود چاوەشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ مستەفا ئاکینجی، سەرۆک کۆماری قوبرسی باکوور، رایگەیاند، کە %90ـی دانیشتووانی شاری مووسڵ موسڵمانی سوننەمەزهەبن.



مەولود چاویشئۆڵو پێیوایە بوونی چەکدارانی ئەو میلیشیا شیعانە ”مەترسی“ لەسەر هاووڵاتییانی سوننەمەزهەبی مووسڵ دروست دەکات.



لە میانەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ و فەللوجە، چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی چەندین ”تاوانی جەنگی“یان ئەنجام داوە و سووکایەتیی بە هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب دەکەن و گرتەی ڤیدیۆیی ساتی ئەشکەنجەدانیان بڵاو دەکەنەوە.



دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق لەسەردەمی سەرۆکایەتیی نوری مالیکی لە مانگی حوزەیرانی 2014 و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی عێراق لەلایەن رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی شەعبی دا.








باسنیوز
Top