رێگا بە سوننە ئەنبارییەکان نادرێ بچنە بەغدا

رێگا بە سوننە ئەنبارییەکان نادرێ بچنە بەغدا
دەسەڵاتدارانی شاری بەغدا رێگا بە هاووڵاتییانی پارێزگای ئەنبار نادەن بچنە ناو شارەکەیانەوە.

رۆژی یەکشەممە 19.2.2017، محەمەد کەربولی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، رێگرتن لە هاووڵاتییانی پارێزگای ئەنبار بۆ چوونە بەغدا ”گەمارۆیەکی مەبەستدارە“.

لە بازگەی (سقور) لە دەروازەی شاری بەغدا، رێگا بە هاووڵاتییانی پارێزگای ئەنبار نادرێت سەردان ئەو شارە بکەن و محەمەد کەربولی‌ش پێیوایە ئەم کارە دژایەتیکردنی سوننەکان و سزادانی ئەنبارییەکانە.

پێشتریش دوای داگیرکردنی زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای ئەنبار لە لایەن رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، هاووڵاتییانی ئەنبار، کە سوونەمەزهەبن، پەنایان بۆ شاری بەغدای پایتەختی عێراق برد، بەڵام حکوومەتی عێراق، کە زۆرینەی شیعەمەزهەبی بەڕێوەی دەبات، رێگای بە ئاوارەکانی ئەنبار نەدا بچنە ناو شاری بەغدا.

رێگرتن لە چوونی ئاوارە و هاووڵاتییانی ئەنبار بۆ چوونە ناو بەغدا لە کاتێک دایە، کە زیاتر دوو ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی بەهۆی ناکۆکییە تائیفییەکان و داگیرکاریی داعشەوە، ئاوارەی کوردستانی باشوور بوون.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەسهێنان و شکستی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.











باسنيوز
Top