وادەی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵ ئاشکرا دەکرێت
ئاژانسی (سپۆتنیک)ی رووسی لە زاری ژمارەیەک سەرچاوەی ئەمنیی و سەربازیی عێراقی بڵاوی کردووەتەوە، کە چەکدارانی عەشیرەتە عەرەبەکانی ناوچەکە بەشداریی دەکەن و فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانیش پشتگیریی ئاسمانیی هێزە عێراقییەکان دەکەن.
بەپێی هەواڵەکە، لە ماوەی ”چەند کاتژمێری کەمی داهاتوودا“ ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵ دەست پێ دەکات و هێزە عێراقییەکانیش ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە.
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵیان راگەیاند.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
