حەشدی شەعبی سێ گوندی مووسڵ وێران دەکات

حەشدی شەعبی سێ گوندی مووسڵ وێران دەکات
میلیشیاکانی حەشدی شەعبی سێ گوندی سننومەزهەبەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا وێران دەکەن و رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤیش راگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە.



بەپێی راگەیەندراوەکە، کە رۆژی پێنجشەممە 16.2.2017 بڵاو کراوەتەوە، چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی 345 خانووی هاووڵاتییانیان لە سێ گوندی باشووری رۆژئاوای مووسڵ رووخاندووە.



رێکخراوەکە بە پشت بەستن بە گوتەی هاووڵاتییانی ناوچەکە و وێنەکان، کە لەرێگای مانگە دەستکردەکانەوە گیراون، رایگەیاندووە، لە گوندی ئاشوا لە باشووری رۆژئاوای مووسڵ، چەکدارانی حەشدی شەعبی مزگەوتیشیان رووخاندووە.



دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق لەسەردەمی سەرۆکایەتیی نوری مالیکی لە مانگی حوزەیرانی 2014 و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی عێراق لەلایەن رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی شەعبی دا.
bas news -
Top