سەربازانی عێراقی هاووڵاتییەکی سوننە بەشێوەیەکی دڕندانە دەکوژن

سەربازانی عێراقی هاووڵاتییەکی سوننە بەشێوەیەکی دڕندانە دەکوژن
ژمارەیەک سەربازی عێراقی هاووڵاتییەکی سنووری پارێزگای نەینەوا بەشێوەیەکی دڕندانە دەکوژن.

ئەو سەربازانە، کە گرتەی ڤیدیۆیی سووکایەتی، ئەشکەنجەدان و کوشتنی هاووڵاتییەکەیان تۆمار کردووە و بڵاو کردووەتەوە، موسڵمانی شیعەمەزهەبن، یەکێکیان دەڵێ ”من خەڵکی نەجەفم“ و هاووڵاتییەکەش عەرەبێکی سوننەمەزهەبی گوندێکی مووسڵە.

سەربازەکان پێش ئەوەی هاووڵاتییەکە بکوژن، بە چەکەکانیان لێی دەدەن و سووکایەتی پێ دەکەن، بەهیچ شێوەیەک رێگای پێ نادەن بەرگریی لە خۆی بکات و لە بەرچاوییەوە گۆڕێک هەڵ دەکەنن و لە ناو گۆڕەکە بە تۆمەتی ئەوەی چەکداری رێکخراوی توندڕەوی داعشە، دەیکوژن.

کەناڵی (جەزیرە) گرتە ڤیدیۆییەکەی بە راپۆرتێک بڵاو کردووەتەوە و لە زاری سەرچاوەکانییەوە رایگەیاندووە، کە ئەو هاووڵاتییە باوکی سێ کچە و جووتیار بوو لە گوندێکی باشووری مووسڵ.

چەندین جار رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سوپا و میلیشیا عێراقییەکان، کە زۆرینەی سەرباز و چەکدارەکانیان لە مەزهەبی شیعە پێکدێن، بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگی و ئەشکەنجەدان تۆمەتبار دەکەن و رایدەگەیەنێت، کە هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب بەبێ دادگایی کردن و لەسەر شەقامەکان، دەکوژن.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەسهێنان و شکستی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.







باسنيوز
Top