پۆلیسی هاتوچۆی بەغدا هۆشداری دەدات

 پۆلیسی هاتوچۆی بەغدا هۆشداری دەدات
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی بەغدا هۆشداری دا شۆفێران لەوەی كە سبەی سێشەممە شەقامەكانی شارەكە ڕووبەڕووی تەنگژەیەكی گەورەی هاتوچۆ دەبنەوە، ئەمەش بەهۆی گرتنی ژمارەیەكی زۆری ڕێگەوبان و پردەكانی شارەكە.

عەمار وەلید بەرپرسی راگەیاندنی هاتوچۆی بەغدا لەمبارەوە گوتی سبەی پردەكانی كۆماری و سەنك و گۆڕەپانی تەحریر و ڕێگەكانی سەر ئەو پردانە دەگیرێن.

هەروەها گوتی شەقامەكانی سەعدون و ئەبونەواس بەرەو پردی كۆماری و دووڕیانی قورتوبە دەگیرێن، لەگەڵ تونێلی زەیتون و دووڕیانی دەرەوەی كەرخ.

ئەگەرچی هاتوچۆی بەغدا هۆكاری گرتنی ڕێگەوبانەكانی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا دۆخی ئەمنی شارەكە بەتەواوی شڵەژاوە و بەر لە دوو ڕۆژیش لە ئەنجامی كەوتنەوەی توندوتیژی لە خۆپێشاندانەكاندا، دەیان كوژراو و بریندار كەوتنەوە و خۆپێشاندەران لە ناوچەی سەوز نزیك بوونەوە، كە دەزگا حكومیەكان و پەرلەمان و ماڵی بەرپرسانی عێراقی لێیە.







باسنيوز
Top