پارێزگای نەینەوا، میزانییە، ئاساییش و دەستبەكاربوونی فەرمانگەكان لەگەڵ بەغدادا دەخاتە بەر باسەوە
بۆ یەكەم جار و دوای ئازادكردنی لای چەپی شاری مووسڵ، ئەنجوومەنی پارێزگا لەنێو سەنتەری شاری مووسڵ كۆ بووەوە، ڕاپۆرتێكیشان ئامادە كردووە و بڕیارە بۆ پێشكەشكردنی ڕاپۆرتەكە و چەندین پرسی دی، سبەی سێشەممە شاندێكی پارێزگای مووسڵ و ئەنجوومەنی پارێزگا سەردانی بەغدا بكەن.
(سەیدۆ حوسێن ئەلتاتانی) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند: "رۆژی چوارشەممەی دابێ، كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت و پێدەچێت لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانیشدا كۆ ببینەوە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەشڵێ: "زۆر تێبینی و گلەییمان لە بەغدا هەیە و رووبەڕوو لە ڕاپۆرتەكەماندا ئاماژەمان پێیان كردووە و لەگەڵیاندا گفتوگۆیان لەسەر دەكەین، وەكو ئەوەی، میزانییەی مووسڵ لە هەر چوار ساڵی ڕابردوودا خەرج بكەن تا ئێمەیش خزمەتی خەڵكی خۆمان بكەین و، هەروەها بابەتی دەستبەكاربوونی فەرمانگەكان لە لای چەپی شار و، پێشنیازی ئیداری و ئەمنیمان هەیە كە پۆلیسی مووسڵ زیاتر گرینگی پێ بدرێت و پێداویستییەكانی بۆ دابین بكرێت، ئەمە و جگە لەوەی دەخوازین هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەكاندا باشتر بێت".
شاندەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لە پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا، جێگرانی و سەرۆكی هەر پازدە لیژنەی ئەنجوومەنی پارێزگاكە پێك دێت.
KDP
