وهزیری جهنگی داعش لە كۆمپانیای بلاك وۆتەر لە ئەمریكا مهشقی سهربازی كردووه
گوڵموراد خالیمۆڤ، وەزیری جەنگی داعش بە رەچەڵەك تاجیكستانییە و ئێستا سەرپەرشتی پاشماوەی هێزەكانی داعش دەكات كە لەبەری لای رۆژئاوای موسڵ كۆبوونەتەوە پاش ئەوەی هەفتەی رابردوو بەری رۆژهەڵاتی شارەكەیان بە تەواوی لە دەستدا.
بەپێی زانیارییەكانی هەواڵگریی عێراق، خالیمۆڤ لە رۆژئاوای مووسڵ سەركردایەتی شەڕی مان و نەمانی داعش لەگەڵ هێزە عێراقییەكان دەكات. بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو تاجیكستانییە، تاوەكو ئێستا سێ جار لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانانەوە كراوەتە ئامانج، بەڵام هەر سێ جارەكە رزگاری بووە.
بەرپرسێكی باڵای هەواڵگریی سوپای عێراق رایگەیاند "زانیاریی وردمان لەسەر وەزیری جەنگی داعش هەیە، بەڵام كەسێكی زیرەكە و تاكتیكی زۆر بەكاردەهێنێت. زوو زووش جێگای خۆی دەگۆڕێ".
ئەو بەرپرسەی هەواڵگریی عێراق كە داوای كرد ناوی ئاشكرا نەكرێ، زانیاری زیاتری لەبارەی خالیمۆڤ ئاشكرا كرد و گوتی "وەزیرەكەی داعش لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی مووسڵ، یەكەم جار لە بەری رۆژهەڵاتی شارەكە بوو، بەڵام پێش ئەوەی پردەكانی مووسڵ بكرێنە ئامانج، بەرەو بەری رۆژئاوای مووسڵ هەڵات".
داعش بە مەبەستی گواستنەوەی چەكدار و خۆكوژ لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوای مووسڵ، سوودێكی زۆری لە پردەكانی مووسڵ لەسەر رووباری دیجلە وەردەگرت، هەر بۆیە فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بە چەند قۆناغێك دیوی سەر وشكانیی ئەم پردانەیان بۆردوومان كرد.
ئەمریكا بڕی سێ ملیۆن دۆلار بە هەر كەسێك دەدات، كە زانیاری لەسەر شوێنی خالیمۆڤ بدات و ئەو زانیارییە گرتن یان كوشتنی وەزیرەكەی داعشی لێ بكەوێتەوە.
گوڵموراد خالیمۆڤ دوای كوشتنی ئەبو عومەر چیچانی، وەزیری پێشووی جەنگی داعش، شوێنی ئەوی گرتەوە. چیچانی لە هێرشێكی ئاسمانیدا لە شرگات لە باشووری مووسڵ كوژرا. هەواڵی كوشتنەكەشی لەلایەن وەكالەتی ئەعماقی سەر بە داعش لە رۆژی 13/7/2016 بڵاوكرایەوە.
دوای كوشتنی چیچانی، گوڵمراد خالیمۆڤ، تەمەن 41 ساڵ كە بە موهاجیر ناوی دەبەن، بەفەرمی دەكرێتە وەزیری جەنگی داعش. خالیمۆڤ، خۆی پلەدارێكی باڵای پۆلیسی تاجیكستان بووە، تەنانەت سەرۆكی هێزێكی تایبەتی پۆلیسی ئەو وڵاتەش بووە. لە كۆمپانیای بلاك وۆتەر لە ئەمریكا مەشقی سەربازیی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گرووپ و كردەوە تیرۆریستییەكانی وەرگرتووە
payamner -
