به‌تۆمه‌تى تیرۆر 176 ئافره‌ت له‌ زینداندان و ئه‌شكه‌نجه‌ش ده‌درێن

به‌تۆمه‌تى تیرۆر 176 ئافره‌ت له‌ زینداندان و ئه‌شكه‌نجه‌ش ده‌درێن
ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى یاسایی په‌رله‌مانى عێراق ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، زیاتر له‌ 30 هه‌زار هاووڵاتی له‌ زیندانه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى وه‌زاره‌تى دادى عێراقیدان كه‌ زۆرینه‌یان له‌سه‌ر ماده‌ى تیرۆر ده‌ستگیر كراون.



زانا ڕۆستایی ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایی په‌رله‌مانى عێراق له‌ فراكسیۆنى كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ ئاژانسی هه‌واڵى (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند :" به‌پێی داتاكانى وه‌زاره‌تى دادى عێراقی ژماره‌ى زیندانی كراوه‌كان له‌ زیندانه‌كانى عێراق، جگه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان 30 هه‌زار و 571 زیندانییه‌ كه‌ 6 هه‌زار و 213 یان به‌ ماده‌ى تیرۆر ڕاگیراون و دادگاییان ته‌واو نه‌بووه‌ و 10 هه‌زار و 172 ده‌ستگیركراویشیان به‌تۆمه‌تى تیرۆر سزادراون كه‌ له‌ نێویاندا 174 ئافره‌ت هه‌ن".



هه‌روه‌ها گوتى "ژماره‌ى سزادراوانى پیاو به‌ تاوانى دیكه‌ى مه‌ده‌نى 16 هه‌زار و 185 سزادراوه‌ و ژماره‌ى مێردمنداڵانى كوڕ 176 كه‌س و كچانیش 8 كه‌سه‌".



ڕۆستایی ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "ئه‌م داتایه‌ ته‌نها زیندانه‌ فه‌رمییه‌كانى ژێرده‌ستى وه‌زاره‌تى داد ده‌گرێته‌وه‌ و به‌ده‌ر له‌وه‌ش به‌سه‌دان كه‌سی دیكه‌ له‌ زیندانى نهێنى و ناڕه‌سمی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان و حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و سه‌ربازگه‌كاندان".



ئه‌ندامه‌كه‌ى لیژنه‌ى یاسایی جه‌ختیشی كرده‌وه‌ "دیارده‌ى ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌ قۆناغى لێكۆڵینه‌وه‌دا له‌ زیندانه‌كانى عێراقدا زۆره‌ و ڕێكخراوه‌كانى مافى مرۆڤیش زۆرجار باسیان لێكردووه‌، بۆیه‌ له‌ یاساى لێبوردنى گشتى ماده‌یه‌كمان جێگیركردووه‌ تایبه‌ت به‌و كه‌سانه‌ى له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا وته‌ى لێ وه‌رده‌گیرێت و به‌پێى ماده‌كه‌ ده‌توانن داواى دووباره‌كردنه‌وه‌ى دادگاییان بكه‌نه‌وه‌".
bas news -
Top