پەرلەمانتارێکی عێراق: گومان دەکرێ ترەمپ عێراق دابەش بکات
بەختیار شاوەیس، پەرلەمانتاری عێراق لە وتارێکدا لە رۆژنامەی (سەباح)ی عێراقی، کە رۆژی دووشەممە 23/1/2017 بڵاو کراوەتەوە، رایگەیاندووە، کە یەکلانەکردنەوەی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق و چارەسەرنەکردنی کێشەی نەوت و غازی نێون هەولێر و بەغدا، پرۆسەی دابەشکردنی عێراق نزیکتر دەکات.
بەختیار شاوەیس پێیوایە ئێستا عێراق بە کردەیی دابەش بووە و بۆ ”بەهێزکردنەوە“ی دەوڵەتی عێراقیش، ”پێویستە“ دابەشکردنەکە لەسەر بنەمای فیدڕالی ئەنجام بدرێت، بەوشێوەیەی دەستووری عێراق باسی کردووە و ئەمریکییەکانیش پێیان خۆشە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەت بەوەش کردووە، کە لە میژووی نزیکی ئەمریکییەکاندا، لە سەردەمی دەسەڵاتداریی دیموکراتەکانی ئەمریکا، پلان دادەڕێژرێت و دەکریتە یاسا و دواتریش کۆمارییەکان جێبەجێی دەکەن، نموونەش بەوە دەهێنێتەوە، کە لەسەردەمی دیموکراتەکان (بیل کلینتۆن) لە ساڵی 1998، یاسای رزگارکردنەوەی عێراق پەسەنکرا و کۆمارییەکان (جۆرج دەبلیو بووش) لە ساڵی 2003 جێبەجێی کرد.
بەختیار شاوەیس هەروەها رایگەیاندووە، کە لە سەردەمی دیموکراتەکان، جۆ بایدن، جێگری باراک ئۆباما پلانی دابەشکردنی عێراقی دانا و ”گومان دەکرێ“ دۆناڵد ترەمپی کۆماری و سەرۆکی ژمارە 45ـی ئەمریکا، پکلانی دابەشکردنەکە جێبەجێ بکات.
bas news-
