ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگا نەینەوا لەکارەکەی دەرکرا وژمارەی لیژنەکانیش کەمکرانەوە

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگا نەینەوا لەکارەکەی دەرکرا وژمارەی لیژنەکانیش کەمکرانەوە
سەرۆکی لیستی برایەتی وپێکەوە ژیان لەئەنجومەنی پارێزگای موسڵ ئاشکرایکرد، لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ بەزۆرینەی دەنگ ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگا لەکار لادرا وژمارەی لیژنەکانی ئەنجومەنی بۆ ١٥ لیژنە کەمکرانەوە.

سەیدۆ چەتۆ بەئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند:" ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ لەبارەی سێ تەوەر کۆبووە ،لەوانە بەزۆرینەی دەنگ دلدار زێباری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ لەسەر کار لادرا، چونکە لە١٠/٦/٢٠١٤تائێستا بەشداری یەک کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نەکردووە وبەپێی یاساش ھەر ئەندامێک لەچوار دانیشتن بەشدار نەبێت پێویستە لابدرێت.

سەیدۆ چەتۆ گوتیشی: ھەر لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆ ژمارەی لیژنەکانی ئەنجومەن لە ٢١ لیژنە بۆ ١٥ لیژنە کەمکرایەوە، بۆ ئەوەی زیاتر بتوانن کار بکەن کە لەو ژمارەیە شەش لیژنە بەر لیستەکەی ئێمە کەوتوون.

چەتۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ پێشتر لەمەخمور گیانی لەدەستدابوو، ئەمڕۆ ئافرەتێکی دیکە لەشوێنی ئەو دەنگی لەسەردرا ودەس بەکار دەبێت.

ئەو ڕوونیشی کردەوە: بڕیاردرا کە پێویستە بەرێوبەرایەتیە خزمەتگوزاریەکانی موسڵ لەمەودوا لەلای چەپی شاری موسڵ دەست بەدەوامی خۆیان بکەنەوە،بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان بۆ خەڵک دابین بکەن وخەڵکیش بگەرێتەوە بۆ سەر ماڵ وحاڵی خۆیان.
PAYAMNER-
Top