مەعسوم دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆکی سەندیکاکان قەدەغە دەکات
رۆژی یەکشەممە 22/1/2017، فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ”ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش“ی حزبی بەعسی واژۆ کرد.
بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەی فوئاد مەعسوم، واژۆکردن ئەو پرۆژەیاسایە، کە پەرلەمان پەسەندی کردووە، بە پشت بەستن بە ماددەی (73/سێیەم) لە دەستووری عێراقی بووە.
بڕیارەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش، کە سەدام حوسێن، سەرۆکی رژێمی بەعسی عێراق دەری کردبوو، رێگەی بە نەقیب و سەرۆکی سەندیکاکان و یەکێتییە پیشەییەکان دەدا دووبارە و چەندبارە خۆیان هەڵبژێرنەوە.
بەپێی دەستووری عێراقی، هەر پرۆژەیاسایەک پەرلەمانی عێراق پەسەندی بکات، پێویستە سەرۆک کۆمار واژۆی بکات تا بچێتە بواری جیبەجێکردنەوە و ببێتە یاسای کارپێکراو.
