سەرکردەیەکی عێراقی: مالیکی نیوەی عێراقی رادەستی داعش کرد

 سەرکردەیەکی عێراقی: مالیکی نیوەی عێراقی رادەستی داعش کرد
سەرکردەیەکی عێراقی رایدەگەیەنێت، کە جێگری سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە، نیوەی خاکی وڵاتەکەی رادەستی رێکخراوی توندڕەوی داعش کرد.



بەپێی نووسراوێک، کە لە رۆژی 9/1/2017 ئوسامە نوجەیفی، سەرۆکی هاوپەیمانیی موتەحیدەن ئاراستەی ئەندامانی هاوپەیمانییەکەی لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا کردووە، داوای لێکردوون پشتگیریی مانەوەی عەلی تەمیمی، پاریزگاری بەغدا لە پۆستەکەیدا بکەن.



رۆژی 19/1/2017، ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا بە زۆرینەی دەنگ عەلی تەمیمی، کە سەر بە رەوتی سەدرە، لە پۆستی پارێزگاری شارەکە لادا.



ئوسامە نوجەیفی بە ئەندامانی هاوپەیمانییەکەی لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغدای راگەیاندووە، کە بەدیلی عەلی تەمیمی (واتە کاندیدی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، کە نوری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات)، ”نیوەی عێراقی رادەستی داعش کرد، رەمزە نیشتیمانییەکانی کردە ئامانج، سامانی عێراقی بە فیڕۆ دا“.



نوری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، لە نێوان ساڵی 2006-2014 سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، بە گوتەی زۆرینەی سەرکردەکانی کورد و عەرەبە سوننەمەزهەبەکان بە شێوەیەکی دیکتاتۆرییانە حوکمی عێراقی کرد.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانی و فەرماندەییکردنی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەلایەن نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.






باسنیوز
Top