ئیبراهیم جەعفەری: عێراق یارمەتی هەموو وڵاتانی جیهان دەدات

ئیبراهیم جەعفەری: عێراق یارمەتی هەموو وڵاتانی جیهان دەدات
ئیبراھیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند عێراق نەک تەنھا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی گشت جیھان بەرەنگاری تیرۆر دەبێتەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی عێراق لەمیانەی سەردانێکی فەرمی بۆ وڵاتی سربیا، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئیڤیکا داکیک کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکەش ھەردوو وڵات رێککەوتننامەیەکیان بۆ ھەڵگرتنی ڤیزا بۆ دیپلۆتکارانی عێراق و سربیا واژوو کرد.


دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا، جەعفەری ستایشی وڵاتی سربیای کرد بەھۆی ھاوکاریکردنی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەروەها رایگەیاند سوپای عێراق سەرکەوتنی بەسەر داعشدا بەدەست ھێناوە و تاوەکو دوێنێ ٤٢٨ گوندی نزیک موسڵ لە تیرۆریستان پاک کراونەتەوە.


وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە دا کە بەرەنگاربوونەوەی داعش تاوەکو نەمانی تیرۆریستەکان بەردەوام دەبێت، گوتیشی "عێراق نەک تەنھا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی، بەڵکو بۆ بەرژەوەندیی گشت جیھان بەرەنگاری تیرۆر دەبێتەوە. ئەم تیرۆریستانە لە گشت وڵاتان بوونیان ھەیە و بۆیە گشت وڵاتان لە ژێر ھەڕەشەدان".
bas news-
Top