دژەتیرۆری عێراق رزگارکردنەوەی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ‌ی راگەیاند

 دژەتیرۆری عێراق رزگارکردنەوەی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ‌ی راگەیاند
دژەتیرۆری عێراق رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵات (چەپ)ی شاری مووسڵی راگەیاند.

رۆژی چوارشەممە 18/1/2017، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ژمارەیەک فەرماندەی باڵای هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق رایانگەیاند، کە لە میانەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ، 3300 چەکداری داعش کوژراون.

فەرماندەکانی دژەتیرۆری عێراق هەروەها رایانگەیاند، کە بەری رۆژهەڵاتی شارەکە دوای نزیکەی سێ مانگ لە شەڕ، بە تەواوی رزگار کرایەوە.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە 17/1/2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، کە بەمنزیکانە رزگارکردنەوەی تەواوی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ رادەگەیەنن و ”هێزەکانمان خۆیان بۆ رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوا (راست) ئامادە دەکەن“.

رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.

هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.






باسنيوز
Top