وەزیری دەرەوەی ئەمریكا: نوری مالكی سوپایەكی تایفی پێكهێنا كەلەبەردەم داعش لەموسڵ هەڵهات

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا: نوری مالكی سوپایەكی تایفی پێكهێنا كەلەبەردەم داعش لەموسڵ هەڵهات
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، نوری مالكی ( سەرۆك وەزیرانی پێشوی عیراق) لەسەردەمی دەسەڵاتی خۆیدا كاریكرد بۆ پێكهێنانی میلیشیای تایفی، ئەوەش وایكرد سوپای عیراقی لەموسڵ لاواز بێت و خۆی لەبەرامبەر داعش رانەگرێت كە ئەوەش كەوتنی ئەو شارەی ئاسانكرد.

جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی سكای نیوز لەوەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی بارودۆخی عیراق بەگشتی و بەتایبەت شەڕی موسڵ، ئۆباڵی بارودۆخی عیراق و موسڵ-ی خستە ئەستۆی مالكی و ئاماژەی بەوەكرد، ئەو سوپایەی عیراق كە لەموسڵ بوو هیچ هەست و سۆزێكی نەبووە بۆ خەڵی ئەو شارەو خۆی بەبەشێك لەوان نەزانیوە هەربۆیە لەبەردەم چەكدارانی داعش هەڵاتن.

10ی حوزەیرانی 2014 چەكدارانی داعش دوای هەڵاتنی یەكەكانی سوپا و پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی عیراق كە ژمارەیان دەیان هەزاردەبوو، دەستیگرد بەسەر شاری موسڵ-دا.

لەبارەی دۆسێی ئێران-ەوە كیری جەختیكرد لەسەر هەڵوێستی ئەمریكا لەبەرامبەر ئەو وڵاتە، سەرباری ئەنجامدانی رێكەوتننامە ئەتۆمییەكە و ئاماژەی بەوەكرد، هێشتا سزاكانی واشنتۆن لەدژی تاران بەردەوامیان هەیە.

" بەهۆی چالاكییە موشەكییەكانی- پشتیوانیكردنی لە حزبوڵای لوبنانی و گروپە تیرۆرستییەكان و سەرپەرشتیكردنی تیرۆر لەدەرەوەی سنوورەكانی، سزاكانی ئەمریكا لەدژی ئێران وەك خۆيان ماون و هەندێك جار زیاترمان كردوون ." جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وای وت.

لەبارەی دانوستانی ئەستانەی نێوان رژێمی سوریاو بەشێك لەهێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئەو وڵاتە كە بەچاودێری توركیا و رووسیا و بە بەشداری ئێران بەرێوەدەچێت، كیری پشتیوانی واشنتۆن-ی بۆ ئەو دانوستانە نیشانداو داوای لەئیدارەی نوێی ئەمریكا كرد ئەو داوەتنامەیە قبوڵ بكات كە بۆ بەشداریكردن لەو دانوستانەدا ئاراستەی كراوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەرگری لەسیاسەتی وڵاتەكەی كرد لەناوچەكەدا، لەهەمان كاتدا لەوەڵامی ئەو رەخنانەی لەواشنتۆن گیراون لە رابردوودا ئاماژەی بەوەكرد: ئەو رەخنانە" هەوڵێكی چەواشەكاری بەئەنقەستە" و ئامانج لێيان دەرخستنی ئیدارەی ئەمریكایە بەجۆرێك كە شكستخواردوو بووەو پشتیوانی لە هاوپەیمانەكانی نەكردووە.







خەندان
Top