حزبی دەعوەی مالیكی دەبێتە 3 پارچە

حزبی دەعوەی مالیكی دەبێتە 3 پارچە




سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە حزبی دەعوەی عێراقی بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی ڕایگەیاند کە ئەو حزبە بۆ قۆناخی داهاتوو بەسەر سێ لیستی جیاوازدا دابەش دەبێت و بەجیا بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن.


بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (غەدپرێس)ی عەرەبی، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە كردووە کە لیستەکان بریتی دەبن لە لیستی تەکنۆکراتەکان کە هیچ پاڵێوراوێکی خولەکانی پێشوو لەخۆ ناگرن، سەرەڕای ئەوەی نووری مالیکی بە لیستیكی جیاواز و دوور لە دەعوە بەشدار دەبێت، ئەمەش جگە لەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لیستی تایبەت بەخۆی دەبێت.


هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە ڕاگەیاندنی لیستەکان پەیوەندی بەیاسای هەڵبژرادنەکانەوە هەیە، بەڵام نووری مالیکی جێگری سەرۆک کۆمار تا ئێستە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە جیا لە حەیدەر عەبادی و ڕێکخستنەکانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بەشداری هەڵبژاردنەکاندا بکات.


جێی ئاماژە پێدانە، ماوەیەکە دەنگۆی ناکۆکی و جیابوونەوەی نووری مالیکی و حەیدەر عەبادی و بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقدا لە ڕێگەی لیستی جیاوازەوە بووەتە ڕۆژەڤی میدیاكانی عێراق، ئەمەش لەکاتێکدایە كە جگە لە چەند ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ، ئەم دەنگۆیانە تا ئێستە لەلایەن هەریەک لەو بەرپرسانەوە بەفەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە.

bas news-
Top