په‌رله‌مانتارێك له‌زاری عه‌بادییه‌وه: هه‌موو نه‌وتی هه‌رێمم راده‌ستبكه‌ن موچه‌ی 650 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر ده‌نێرم
ئه‌و وتانه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌میانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا هاتووه له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له په‌رله‌مانی عیراق، كه ئێواره‌ی دوێنێ شه‌ممه له‌شاری به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی دوو ئه‌ندامی به‌شداربووی كۆبونه‌وه‌كه.
شاخه‌وان عه‌بدوڵا ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری په‌رله‌مانی عیراق كه به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌ی كردووه به‌خه‌ندان- وت "له‌باره‌ی ره‌وشی پێشمه‌رگه‌وه پرسیارم له عه‌بادی كرد‌و پێم وت بۆچی موچه‌كانیان نانێریت، ئه‌ویش وتی خۆتان نه‌وتتان هه‌یه‌و ده‌یفرۆشن له‌پاره‌ی نه‌وته‌كه موچه‌ی پێشمه‌رگه‌ی لێبده‌ن".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ده‌ڵێت هه‌روه‌ها پرسیارێكی نێچیرڤان بارزانی به‌عه‌بادی گه‌یاندووه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی " ئه‌گه‌ر هه‌رێم هه‌موو نه‌وتی كوردستان راده‌ستی به‌غدا بكات و فه‌رمانبه‌ر بنێرنه سه‌ر بیره‌كان ئه‌وكات موچه‌ی هه‌رێم ده‌نێرێت؟" له وه‌ڵامدا عه‌بادی وتویه‌تی "نه‌خێر ته‌نها موچه‌ی 650 هه‌زار كه‌س ده‌نێرم".
"له‌ناو كۆبوونه‌وه‌كه به‌حه‌یده‌ر عه‌بادیم وت، پێشتر ده‌مان وت مالیكی خراپه به‌ڵام خه‌ریكی بڵێین مالیكی له‌تۆ باشتره"، شاخه‌وان عه‌بدوڵا وای وت.
به‌وته‌ی شاخه‌وان عه‌بدوڵا، له‌باره‌ی بونی هێزه‌كانی په‌كه‌كه له‌شه‌نگال حه‌یده‌ر عه‌بادی رایگه‌یاندووه "پێیانم وتووه ئه‌گه‌ر رۆژێك له‌رۆژان هاوكاریتان كردوین ماڵتان ئاوا بێت، به‌ڵام ئێستا پێویسته ئه‌م وڵاته جێبهێڵن چونكه هاوڵاتی توركین".
كۆبوونه‌وه‌كه‌ی عه‌بادی و لیژنه په‌رله‌مانییه‌كه، تایبه‌ت بوو به دۆسیه‌ی ئه‌منی و موچه‌ی پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و له‌سه‌ر داوای لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له په‌رله‌مانی عیراق رێكخرابوو، هه‌روه‌ها باسی ئۆپه‌راسیۆنی حه‌ویجه‌و بونی هێزه‌كانی په‌كه‌كه له‌شه‌نگال كراوه.
هۆشیار عه‌بدوڵا ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری و به‌شداربووی كۆبوونه‌وه‌كه له‌فه‌یسبوكی تایبه‌تی خۆی نوسیویه‌تی "عه‌بادی پێی وتین ئاگادارین كه هه‌رێم نزیكه‌ی له‌سه‌دا بیستی نه‌وتی عێراق ده‌فرۆشێ و ڕۆژانه‌ی له نێوان یه‌ك ملیۆن بۆ ملیۆنێك و سێ سه‌د هه‌زار به‌رمیل ده‌فرۆشێت پاره‌كه‌ی بۆ نادرێته فه‌رمانبه‌ران وپێشمه‌رگه".
به‌وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره، له‌باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی حه‌ویجه‌وه، عه‌بادی لایه‌نی كوردی تۆمه‌تباركردووه به‌وه‌ی "رێگربوون، جارێك له كه‌ركوك كێشه‌یان دروست ئه‌كرد و جارێك ده‌یانگوت هه‌ولێر كێشه‌كه‌یه...زۆربه‌ی ئه‌و كێشانه‌ش له به‌ر نه‌وته‌كه‌ی كه‌ركوك دروست ده‌كرێن".
هه‌روه‌ها عه‌بادی به‌په‌رله‌مانتارانی وتووه، سیاسه‌تیان ڕوونه و به توركیایان وتوه ناهێڵن خاكی عیراق بۆ دژایه‌تی ئێوه به‌كار بهێنرێت، "به‌ڵام ئێمه شه‌ڕی په‌كه‌كه ناكه‌ین و دژایه‌تی ئه‌وان ئیشی ئێمه نییه و ئه‌و عێراقیانه‌ش كه لایه‌نگری ئه‌وانن به تایبه‌ت ئێزیدیه‌كان ڕێگریان لێناكه‌ین وتهدهخولی فكر ولایه‌نگری سیاسی هیچ كه‌سێك ناكه‌ین".
xendan -
