حکوومەتی عێراق لە بەسڕە پردێکی پەڕینەوە بەبێ پلیکانە دروست دەکات
بەپێی تۆمارێکی ڤیدیۆیی کە گەنجێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە و دەردەکەوێت کە حکوومەتی عێراق پردێکی بۆ پەڕینەوە لە شاری بەسڕە دروست کردووە، شەقامی ژێر پردەکەشی پەرژین کردووە، تاوەکوو هیچ کەسێک لە ڕێگەی شەقامەوە نەپەڕێتەوە و هەموو خەڵکی ناچار بن بەسەر پردەکەدا بپەڕنەوە، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە پردەکە هیچ پلیکانەیەکی نییە و هیچ ڕێگەیەک بۆ سەرکەوتن بەسەر پردەکەدا نییە.
لەو تۆمارە ڤیدیۆییەدا، گەنجەکە بە تووڕەییەکی زۆرەوە پرسیار لە حکوومەتی عێراق دەکات: ”ئێوە لە کام هەسارەوە هاتوون؟ پردێکی هەڵواسراو بەبێ پلیکانە چۆن دەبێت؟“. بە توانجیشەوە باس لەوە دەکات کە زوها حەدید، خانمە ئەندازیاری بەناوبانگی عێراقی و جیهانی، لە خەمی ئەم جۆرە کارانەوە کۆچی دوایی کردووە.
ئابووریناسان پێیانوایە، حکوومەتی عێراق بەهۆی ئەو بارودۆخەی تێیدایە و لە ئەنجامی باڵادەستیی دیاردەی گەندەڵی، چەندان حاڵەتی هاوشێوەی تێدا دەبیندرێت و ڕۆژانە لەڕێگەی میدیاکانەوە بڵاو دەکرێنەوە، لە کاتێکدا عێراق دەوڵەتێکی دەوڵەمەندە و ساڵانە داهاتێکی زۆری بۆ خەرجیی پڕۆژەکان تەرخان دەکات.
باسنیوز
