موسڵ... لەبۆردومانێکدا دەیان ھاوڵاتی سڤیل کوژران
دانیشتووانی موسڵ رایانگەیاند رۆژی پێنجشەممەی ھەفتەی رابردوو بە سێ موشەک لە گەڕەکی "موسڵ جەدیدە" درا، وا دیارە ئامانجەکەی ماڵی سەرکردەی داعش حەربی عەبدولقادر بووە.
دانیشتوویەکی گەڕەکەکە گوتی: ئەو لە کاتی بۆردومانەکە لە ماڵەکەی نەبوو، بەڵام ھەندێ لە ئەندامانی خێزانەکەی کوژراون.
ھێشتا دیار نییە ھێرشەکە لە لایەن ھێزەکانی ھاوپەیمانان یان ھێزەکانی عێراقی ئەنجامدراوە، کە لە بەری چەپی موسڵ پێشڕەوی دەکەن.
ھێزەکانی عێراق ئەمڕۆ شەممە باڵاخانەی زانکۆی موسڵ و گەڕەکی "یارمچە"یان کۆنترۆڵ کرد، پاش ئەوەی رۆژی ھەینی رابردوو باڵەخانەی پارێزگا، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، باڵەخانەی قایمەقامیەتی موسڵ و فەرمانگەکانی کشتوکاڵ و پلاندانی و ئاوەدانکردنەوە و خانوونەبەرە و دووەم پردی موسڵ و چەندین گەڕەکیان کۆنترۆڵ کرد.
ھەر رۆژی ھەینی رابردوو ھەواڵی کوژرانی سێ سەرکردەی داعش لە بەری چەپی موسڵ بڵاو کرایەوە، لەوانە ئەبو خەتیب سعوودی بەرپرسی خۆکوژەکانی داعش لە موسڵ و تایل بیل مۆنتی ناسراو بە ئەبو عومەر ھۆلەندی بەرپرسی چەکدارە بیانییەکانی داعش و ھەروەھا بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لە موسڵ.
payamner-
