داوای رێگرتن لە گەشتی بەرپرسانی نەوتیی عێراقی دەکرێت

 داوای رێگرتن لە گەشتی بەرپرسانی نەوتیی عێراقی دەکرێت
پەرلەمانتارێکی عێراق داوای رێگرتن لە گەشتی دەرەوەی وڵاتی وەزیری پێشووتری نەوتی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی ئەو وەزارەتە دەکات.

رۆژی شەممە 14/1/2017، مازن مازنی، ئەندامی لێژنەی نەوت و وزەی پەرلەمان داوای لە داواکاری گشتیی عێراق کردووە فەرمانی رێگریکردن لە گەشتی دەرەوەی وڵاری ئەو بەرپرسانە دەربکات، کە تۆمەتبارن بە ”ئابڕووچوونی“ کۆمپانیای ئۆنا ئۆیڵ.

پێشتر کۆمپانیای ئۆنا ئۆیڵ بڕی 25 ملیۆن دۆلاری وەک بەرتیل داوەتە ژمارەیەک بەرپرس، بۆ مسۆگەرکردنی کارکردنی کۆمپانیاکە لە عێراق و ناوی ژمارەیەک بەرپرس لەو دۆسییەیە باسکرا.

مازن مازنی لە بەیاننامەیەکدا داواشی لە وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە هەموو گرێبەستەکانی لەگەڵ کۆمپانیای ئۆنا ئۆیڵ هەڵوەشێنێتەوە، تا ئەوکاتەی دادگا راستیی و ناڕاستیی گەندەڵییەکە یەکلا دەکاتەوە.

ئەو کەسانەی باس لەوە کرا لە گەندەڵییەکەدا تێوەگلان بریتین لە، حوسێن شەهرستانی، وەزیری ئەوکاتی نەوت، عەبدولکەریم لعێبی، وەزیری نەوتی ئێستا، زیا جەعفەر موسەوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باشوور و عودەی قوڕەیشی، برئیکاری وەزارەتی نەوت.

”تێوەگلان“ی حوسێن شەهرستانی لە وەرگرتنی بەرتیل لە کۆمپانیاکە لە کاتێک دایە، کە شەهرستانی بە هەموو شێوەیەک دژایەتیی مافەکانی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی نەوتییەکەی دەکرد و پشتگیریی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقی دەکرد بۆ دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان.






باسنيوز
Top