هاووڵاتییەک کوڕەکەی بە تۆمەتی داعشبوون رادەستی دژەتیرۆری عێراق دەکات

 هاووڵاتییەک کوڕەکەی بە تۆمەتی داعشبوون رادەستی دژەتیرۆری عێراق دەکات
هاووڵاتییەکی شاری مووسڵ بە تۆمەتی بوونە چەکداری رێکخراوی توندڕەوی داعش، کوڕێکی خۆی رادەستی هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق دەکات.

رۆژی چوارشەممە 11/1/2017 عەمید روکن واسق حەمدانی، فەرماندەی پۆلیسی نەینەوا لە بەیاننامەیەکدا راگەیاندووە، کە ئەو هاووڵاتییە دانیشتووی یەکێک لە گەڕەکەکانی بەری رۆژهەڵات (چەپ)ی شاری مووسڵە.

عەمید روکن واسق حەمدانی هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەو هاووڵاتییە لەکاتی رادەستکردنی کوڕەکەی بە هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق، بە دژەتیرۆری رایگەیاندووە، لە سەردەمی داگیرکاریی داعشدا، کوڕەکەی بووەتە چەکداری ئەو رێکخراوە.

لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شاری مووسڵدا، هیزە عێراقییەکان زۆرینەی گەڕەکەکانی بەری رۆژهەڵاتی شارەکەیان رزگار کردووەتەوە.

رۆژی پێنجشەممە 29/12/2016، قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ دەستی پێکرد، کە لە قۆناغی یەکەمدا، هێزە عێراقییەکان 40 گەڕەکی رۆژهەڵاتی شارەکەیان رزگار کردەوە.

لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.

هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە،

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.














باسنيوز
Top