لەبارەی تەقینەوەکانی بەغدا عەبادی بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق دەکرێت

لەبارەی تەقینەوەکانی بەغدا عەبادی بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق دەکرێت
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، لەسەر چەند پرسێکی “گرنگ”، سەرۆک وەزیرانی عێراق بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق دەکرێت.



خۆشەوی خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاند: لەسەر پرسی تەقینەوەکانی بەغدا کە گومانی لای لایەنە سیاسییەکان دروست کردووە، چونکە بەشێکیان بە ململانێی سیاسی دەزانن، ڕاپۆرتێک دراوەتە لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، هاوکات لەبارەی پرسی پڕکردنەوەی پۆستە سیادییەکانی حکوومەت، بڕیارە لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت”.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە چاوەڕوان دەکرێت تۆڵەیەکی سیاسی لە عەبادی بکرێتەوە، بۆیە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق “زۆر قورس دەبێت”، چونکە دەوڵەتی یاسا خۆی باش ئامادە کردووە.


بەهۆی تەقینەوەکانی بەغداوە، هەردوو میلیشیای بەدر و عەسایب ئەهلی هەق لە بەغدا، داوای سەرنج خستنە سەر پاراستنی ئاسایشی بەغدا دەکەن، نەک سەرنج خستنە سەر کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ، ئەمەش گومانی ئەوەی دروست کردووە کە میلیشیاکان هۆکاری ئەو ڕەوشە ئەمنییەی بەغدا بن، تاوەکوو ڕێگە لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ بگرن، چونکە هێزەکانیان بەشداری لەو شەڕانەدا ناکات.





باسنیوز
Top