دوای گەڕانەوەی بۆ ئەنقەرە لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و هەڕەشە لە عێراق دەکات

دوای گەڕانەوەی بۆ ئەنقەرە لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و هەڕەشە لە عێراق دەکات
سەرۆک وەزیرانی تورکیا دوای کۆتایی هێنان بە سەردانەکەی بۆ بەغدا و هەولێر، لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی وڵاتەکەی هەڕەشەی لە عێراق کرد.



بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە، رایگەیاند، لەگەڵ حکوومەتی عێراق رێککەوتووە لەسەر دژایەتیکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان و ” لە سەرووی هەموویانەوە“ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، رێکخراوی توندڕەوی داعش و بزووتنەوەی گیەلەنییەکان.



بیناڵی یڵدرم هەڕەشەی لە حکوومەتی عێراق کردووە، کە ئەگەر کار نەکات بۆ ”دەرکردنی“ چەکدارانی سەر بە پەکەکە لە شاری شنگال، ئەوا تورکیا هەنگاوی پێویست دەگرێتەوە.



رۆژی شەممە 7/1/2017، بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا بە سەرۆکایەتیی شاندێکی وڵاتەکەی، گەیشتە شاری بەغدا و لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی عێراق کۆ بووەوە و درەنگانی شەوی شەممەش گەیشتە شاری هەولێر.



رۆژی یەکشەممە 8/1/2017، سەرۆک وەزیرانی تورکیا لەگەڵ سەرۆك بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە و درەنگانی شەوی یەکشەممە لە رێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕایەوە وڵاتەکەی خۆی.










باسنیوز
Top