ئیئتیلافی مالیکی: سەرۆک وەزیرانی تورکیا رای گشتی چەواشە دەکات

 ئیئتیلافی مالیکی: سەرۆک وەزیرانی تورکیا رای گشتی چەواشە دەکات
پەرلەمانتارێکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە گرنگیی سەردانی سەرۆک وەزیرانی تورکیا بۆ عێراق کەم دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، کە هەوڵی چەواشەکردنی رای گشتی دا.

رۆژی یەکشەممە 8/1/2017 نەهلە هوبابی، پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەولەتی یاسا لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عێراقییەکان داوای لە حکوومەتی عێراقی کرد، رێگا بە ”چاو تێبڕینەکانی“ رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا نەدات.

نەهلە هوبابی، کە ئیئتیلافەکەی لەلایەن نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق سەرۆکایەتیی دەکرێت، هەروەها رایگەیاندووە، ئەوەی دەگوترێ، کە بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا بەڵێنی كشاندنەوەی هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی لە سنووری پارێزگای نەینەوا داوە ”راست نییە و ئامانج لێی چەواشەکردنی رای گشتیی نێودەوڵەتییە“.

رۆژی شەممە 7/1/2017، بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا بە سەرۆکایەتیی شاندێکی وڵاتەکەی، گەیشتە شاری بەغدا و لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی عێراق کۆ بووەوە.

بەهۆی خراپیی رەوشی ئەمنیی شاری بەغدا و ناکارایی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، درەنگانی شەوی شەممە بیناڵی یڵدرم بەغدای بەجێ هێشت و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا.

ئەو هێزەی تورکیا، هەروەک ئەسیل نوجەیفی، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی نەینەوا رایگەیاندووە، بۆ مەشقکردن بە پاسەوانی نەینەوا، کە لە گەنجانی سوننەمەزهەبی پارێزگای نەینەوا پێکهێنراوە، لە نزیک شارەدێی باشیک و بە رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق جێگیر بوون و بوو بە یەکێک لە هۆکارە هەرە زەقەکانی ناکۆکی و دروستبوونی کێشە لە نێوان تورکیا و عێراق.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.








باسنيوز
Top