ئەبوبەکر بەغدادی بڕیارێکی بەپەلە دەردەکات
بەپێی بڕیارەکەی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش، چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش لە مووسڵ و تەلەعفەر دەبووردرین و ئازاد دەکرێن.
ئەو بڕیارەی ئەبوبەکر بەغدادی بۆ ئەوەیە سوود لە توانای ئەو چەکدارانە لە بەرەکانی شەڕ وەربگرێت، چونکە لە میانەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ لەلایەن هێزەکانی پیشمەرگە و هێزە عێراقییەکانەوە، هەزاران چەکداری داعش کوژراون.
سەرچاوە سەربازییە عێراقییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، چەندین بەڵگەنامەی داعشیان دەستکەوتووە، کە تێیاندا چەکدارانی رێکخراوەکە لە مووسڵ داوای هاوکاریی بەپەلەی سەربازیی و خواردەمەنییان لە سەرکردایەتیی داعش کردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە، چیتر توانای خۆڕاگرتنیان نەماوە.
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە،
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
