یڵدرم: لە کاتێکی دیکەدا بڕیاری کشانەوە لە نەینەوا دەدەین
رۆژی شەممە 7/1/2017، بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا بە سەرۆکایەتیی شاندێکی وڵاتەکەی، گەیشتە شاری بەغدا و لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی عێراق کۆ بووەوە.
هەرچەندە میدیا عێراقییەکان لە زاری حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق باس لەوە دەکەن، کە بیناڵی یڵدرم بەڵێنی کشاندنەوەی هێزەکەی لە باشی داوە، بەڵام سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەیدا رایگەیاند، ”هۆکاری مانەوەی هێزەکەم بۆ عەبادی روون کردەوە“.
لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، کە رۆژی شەممە 7/1/2017 لەگەڵ حەیدەر عەبادی ئەنجامی دا، سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاند، حکوومەتەکەی ”لە کاتێکی دیکەدا“ بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکەیان لە نزیک شارەدێی باشیک لە پارێزگای نەینەوا دەدات.
ئەو هێزەی تورکیا، هەروەک ئەسیل نوجەیفی، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی نەینەوا رایگەیاندووە، بۆ مەشقکردن بە پاسەوانی نەینەوا، کە لە گەنجانی سوننەمەزهەبی پارێزگای نەینەوا پێکهێنراوە، لە نزیک شارەدێی باشیک و بە رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق جێگیر بوون و بوو بە یەکێک لە هۆکارە هەرە زەقەکانی ناکۆکی و دروستبوونی کێشە لە نێوان تورکیا و عێراق.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.
باسنيوز
