گەڕەکێکی دیکەی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ رزگار کرایەوە

گەڕەکێکی دیکەی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ رزگار کرایەوە
گەڕەکێکی دیکەی بەری رۆژهەڵات (چەپ)ی شاری مووسڵ رزگار کرایەوە و چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش تووشی شکست بوون.



بەپێی زانیارییەکان، سەرلەبەیانیی رۆژی شەممە 7/1/2016، هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق لەچوارچێوەی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، چوونەتە ناو گەڕەکی غوفران و ئاڵای وڵاتەکەیان لەسەر باڵەخانەکانی بەرز کردەوە.



لە قۆناغی یەکەمدا، 40 گەڕەکی بەری رۆژهەڵاتی شاری مووسڵ رزگار کرانەوە.



رۆژی پێنجشەممە 29/12/2016، قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ دەستی پێکرد، کە لە قۆناغی یەکەمدا، هێزە عێراقییەکان 40 گەڕەکی رۆژهەڵاتی شارەکەیان رزگار کردەوە.



لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.



هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە،



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
bas news-
Top