بەوێنە.. فەرماندەیەکی باڵای عێراقی لە مووسڵ کوژرا
فەرماندەیەکی سوپای عێراقی لە شاری مووسڵ لە شەری دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش کوژرا.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، عەقید جەعفەر کازم دەڕاجی، فەرماندەی کەتیبەی مووشەکهاوێژی هێزی وەڵامدانەوەی خێرای پۆلیسی ئیتیحادیی عێراقی لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ لە گەڕەکی میساق لە باشووری رۆژهەڵاتی مووسڵ، کوژرا.
عەقید جەعفەر کازم دەڕاجی یەکێک بوو لە فەرماندە عێراقییەکان، کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی نەینەوا دەکەن.
رۆژی 29/12/2016، قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ دەستی پێکرد، کە لە قۆناغی یەکەمدا، هێزە عێراقییەکان 40 گەڕەکی رۆژهەڵاتی شارەکەیان رزگار کردەوە.
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە،
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
bas news-
