عەبادی فەرمانی بێدەنگبوون بۆ فەرماندە سەربازییەکان دەردەکات

عەبادی فەرمانی بێدەنگبوون بۆ فەرماندە سەربازییەکان دەردەکات
سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی بێدەنگبوون بۆ فەرماندە سەربازییەکان دەردەکات و وادەیەک بۆ بێدەنگبوونیشیان دادەنێت.



ماڵپەڕی (عەرەبییە) لە زاری پەیامنێری کەناڵەکەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە فەرمانەکەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاراستەی هەموو ئەفسەر و فەرماندە مەیدانییەکانی ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی مووسڵ کردووە.



حەیدەر عەبادی وادەیەکی بۆ بێدەنگوونەکە دیاری کردووە، کە ماوەی 72 کاتژمێرە (سێ شەو و سێ رۆژ) و لەو ماوەیەدا نابێ هیچ فەرماندەیەکی مەیدانیی لە مووسڵ، لێدوان بۆ رۆژنامەنووسان بدات.



رۆژی پێنجشەممە 29/12/2016، قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ دەستی پێکرد، کە لە قۆناغی یەکەمدا، هێزە عێراقییەکان 40 گەڕەکی رۆژهەڵاتی شارەکەیان رزگار کردەوە.



لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.



هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە،



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
bas news-
Top