گەڕەکێکی دیکەی مووسڵ رزگار دەکرێتەوە
رۆژی یەکشەممە 1/1/2016، هێزەکانی دژەتیرۆر چوونە ناو گەڕەکی کەرامە لە بەری رۆژهەڵاتی (چەپ)ی شاری مووسڵ و درەنگانی رۆژی یەکشەممە گەڕەکەکەیان بە تەواوی رزگار کردەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی پۆلیسی ئیتیحادی لە میانی رزگارکردنەوەی شەقامی 60 مەتری لە گەڕەکی ئینتیسار لە باشووری رۆژهەڵاتی مووسڵ، 15 چەکداری رێکخراوی توندڕەوی داعشیان کوشت، کە سەرکردەیەکی رێکخراوەکەی بە ناوی ئەبو حەمزە لە نێویاندا بووە.
رۆژی پێنجشەممە 29/12/2016، قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ دەستی پێکرد، کە لە قۆناغی یەکەمدا، هێزە عێراقییەکان 40 گەڕەکی رۆژهەڵاتی شارەکەیان رزگار کردەوە.
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە،
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنیوز
