"خامه‌نه‌ئى مالیكی خانه‌نشین ده‌كات"
ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌مه 1ى1ى2017) نوورى مالیكی، سه‌رۆكى ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تى یاسا، له تاران، پایته‌ختى ئێران چاوی كه‌وت به عه‌لى خامه‌نه‌ئى، ڕابه‌رى بالاى كۆمارى ئیسلامی ئێران، سیاسه‌تمه‌دارێكیش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، خامه‌نه‌ئى به ناڕاسته‌وخۆ مالیكی له پۆسته باڵاكى عێراق، خانه‌نشین كردووه.
به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوێكى نووسینگه‌ى نوورى مالیكی، له دیداره‌كه‌ى ڕابه‌رى باڵاى ئێران و سه‌رۆكى ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تى یاسا، تاوتوێی دۆخى سیاسی و ئه‌منیی ناوچه‌كه كراوه، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه دوو قۆڵییه‌كانى نێوان هه‌ردوو وڵات.
هه‌روه‌ها هاتووه :" مالیكی سووپاسگوزارى هه‌ڵوێستى ئێران بووه له پشتیوانییه‌كانى بۆ عێراق له جه‌نگى دژ به داعش و تیرۆر و به‌ناوى گه‌لى عێراقه‌وه، سووپاسیان كردووه.
له‌به‌رامبه‌ردا، عه‌لى خامه‌نه‌ئى، ڕابه‌رى باڵاى كۆمارى ئیسلامی ئێران، به مالیكی گوتووه :" پێموایه ئه‌و ڕۆڵه‌ى له مێژووى عێراقدا بینیوتانه، له بیر ناكرێت".
لاى خۆیه‌وه، سادق موسه‌وى، سه‌رۆكى ده‌زگاى عێراق بۆ میدیا، ڕای گه‌یاند :" لێدوانه‌كه‌ى خامه‌نه‌ئى بۆ مالیكی، ئه‌وه‌یه كه به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ پێیڕاگه‌یاندووه، چیتر ڕۆڵت له دیاریكردنى سیاسه‌تى عێراق و پۆسته بالاكاندا نابێت".
موسه‌وى، كه هاوكات یه‌كێكه له شرۆفه‌كارانى سیاسی عێراق، له پێگه‌ى تایبه‌تى خۆى له فه‌یسبووك، ده‌شلێت :" خامه‌نه‌ئى، مالیكی خانه‌نشین كرد".
bas news-
