دیالە.. ژمارەیەک چەکداری داعش دەچنە نێو ڕیزەکانی حەشدی شەعبییەوە

 دیالە.. ژمارەیەک چەکداری داعش دەچنە نێو ڕیزەکانی حەشدی شەعبییەوە
ژمارەیەک چەکداری ڕێکخراوی توندڕەوی داعش کە ئەفسەر و سەربازی سوپای پێشووی عێراق بوون لە سەردەمی حزبی بەعس، ڕیزەکانی داعشیان جێهێشتووە و پەیوەندییان بە حەشدی شەعبییەوە کردووە.

یەعقووب لهێبی، بەڕێوەبەری شارەدێی گوڵاڵە (جەلەولا) بە (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاندووە، ئەو چەکدارانەی داعش کە بە (کروی)یەکان ناسراون، لە لایەن حوسێن کروی کە لیوا ڕوکنێکی سەردەمی بەعسە، سەرپەرشتی دەکران، وازیان لە داعش هێناوە و لە شاری بەعقووبە نیشتەجێ بوون.

هەر لەمبارەیەوە عەقید جمهور ڕۆستەم، فەرماندەى پێشمەرگە لە جەلەولا ئاشکرای کردووە: ”ئەو چەكدارانە ئێستا ڕیزەكانى داعشیان بەجێ هێشتووە و چوونەتە ڕیزەكانى حەشدى شەعبى و هێزەكانى ترى عێراقەوە".

بەپێی زانیارییەکانی، ئەو چەکدارانە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشمەرگە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەدێی گوڵاڵە، لەگەڵ داعشدا دژی پێشمەرگە شەڕیان کردووە کە ژمارەیان بە نزیکەی 200 چەکدار هەژمار دەکرێت و زۆربەیان لەسەردەمى بەعسدا پلەدارى سەربازى بوون و شارەزاى بوارى شەڕ و تەقینەوە بوون، ئەوانە بەشێکن لەو چەکدارانەی داعش کە لە شەهیدبوونی زیاتر لە 150 پێشمەرگە لە سنوورەکە تۆمەتبار دەکرێن.

شارەدێی گوڵاڵە، ناوچەیەکی کوردستانیی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە کە سەر بە پارێزگای دیالەیە و زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردی ڕەسەن و عەرەبی هاوردەن و کەمینەیەکی تورکمانیشی تێدا دەژی.













باسنیوز
Top