ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا چاوەڕێی پەیوەندیی رفێنەرانی ئەفراحە
محەمەد روبەیعی، ئەندامی لیژنەی ئەمنیی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، کە هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و دەزگای هەواڵگریش چاودێریی کامێراکانی چاودێری دەکات.
محەمەد روبەیعی هەروەها رایگەیاندووە، کە بۆ زانینی داواکاریی و هۆکاری رفاندنی ئەفراح شەوقی، چاوەڕێی پەیوەندیی تەلەفۆنیی رفێنەرەکانن.
شەوی رۆژی دووشەممە 26ـی کانوونی یەکەمی 2016، 15 چەکداری دەمامکدراو بە سێ ئۆتۆمبێلی سەربازیی بێ تابلۆ، چوونە سەر ماڵی ئەفراح شەوقی لە ناوچەی سەیدییە لە باشووری بەغدا و وێڕای رفاندنی، هەموو زێڕ و کەلوپەلی تایبەتیی خۆی و خێزانەکەشیان دزیوە.
پێش رفاندنی، ئەفراح شەوقی وتارێکی لەبارەی دیاردەی بردنە ژوورەوەی چەک لە قوتابخانە عێراقییەکان نووسی بوو، کە تێیدا باسی لە ”سووکایەتی“ی ئەفسەرێک لە پارێزگای ناسرییە لە باشووری عێراق کردبوو، کە بە چەکەوە چووەتە ناو قوتابخانەیەک سووکایەتیی بە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک کردبوو.
بەشێک لە سەرچاوە عێراقییەکان باس لەوە دەکەن، کە ئەو ژنە رۆژنامەنووسە لە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) کاری کردووە.
باسنيوز
