فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی داعش دەخرێتە خوارەوە
هێزەکانی سوپای عێراق فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی رێکخراوی توندڕەوی داعش دەخەنە خوارەوە.
پەیجی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵاتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، کە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر هێزە عێراقییەکان نێردرابووە ئاسمان، بەڵام هێزەکانی لیوای 92ـی فیرقەی 15ـی سوپای عێراقی لە دەوروبەری شارۆچکەی تەلەعفەر، خزتوویانەتە خوارەوە.
بەهۆی شکستەکانیان لە بەرەکانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، چەکدارانی داعش پەنا بۆ هەر رێگایەک دەبەن، کە لێیەوە زانیارییەکین لەبارەی هێزە عێراقییەکانەوە دەست بکەوێت.
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
bas news-
