له بەغدا کۆلێژی ئیمام کازم، بەهۆی هەڕەشە لە مامۆستاکانی دادەخرێت
سەرۆکی دیوانی وەقفی شیعی بڕیاری داخستنی کۆلێژێکی لە شاری بەغدا دا، بەهۆی هەڕەشەکردن لە مامۆستاکان.
موسەوی عەلا موسەوی، سەرۆکی دیوانی وەقفی شیعی رایگەیاندووە، کە کۆلێژی ئیمام کازم لە بەغدا لە رۆژی سێشەممە 27ـی کانوونی یەکەمی 2016ـەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ، دادەخرێت.
موسەوی عەلا موسەوی هەروەها رایگەیاندووە، کە داخستنەکە بەهۆی هەڕەشەی چەکدارانی نەناسراوەوەیە لە مامۆستا و پرۆفیسۆرەکانی کۆلێژەکە، ”هەڕەشەی جددی لەسەر مامۆستا و قوتابییان هەیە“.
سەرۆکی دیوانی وەقفی شیعی ئاماژەی ەبوەش داوە، کە لیژنەکە لە وەقفەکەیان پێک دەهێنن بۆ لێکۆڵینەوە لەو هەڕەشانەی، دەکرێتە سەر مامۆستا و قوتابییانی کۆلێژەکە.
کۆلێژی ئیمام کازم، کۆلێژێکی حکوومیی باوەڕ پێکراوە و لەلایەن وەقفی شیعییەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
هەفتەی رابردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی عێراق هۆشداریی دا لەوەی چەکدارانی نەناسراو هەوڵی تیرۆرکردنی مامۆستایانی زانکۆ دەدەن و داوای گرتەنەبری رێوشوێنی ئەمنیی بۆ پاراستنیان کرد.
باسنيوز
