جوبەیر: حەشدی شەعبی لەلایەن ئەفسەرانی ئێرانەوە بەڕێوە دەبرێ
عادل جوبەیر وەزیری دەرەوەی سعودیە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ناسر جۆدە وەزیری دەرەوی ئوردن رایگەیاند حەشدی شەعبی وەك جیهان دەزانێ هێزێكی تایەفییە و لەلایەن ئێرانەوە بەڕێوەدەچێ و چەندان كۆمەڵكوژی لە عێراق ئەنجام داوە.
جوبەیر گوتی "گرنگ ئەوەیە پشتیوانی لە براكانمان بكەین لە عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، بەتایبەتی بەرەنگاربوونەوەی داعش، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەگەڵ یەك پارچەیی و سەربەخۆیی و عەرەبایەتی عێراقداین".
جوبەیر گوتی "ئێمە پشتیوانی لە هەموو پێكهاتەكانی عێراق دەكەین و جیاوازی لە نێوان ئەم تایەفە و ئەو تایەفەدا ناكەین، هیوادارین سیاسەتی عێراقیش بەو شێوەیە بێت".
هەروەها لەبارەی حەشدی شەعبیەوە گوتی "ئەگەر بمانەوێت عێراق یەكپارچە بێت و یەكسانی لەنێوان هەموو توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵی عێراقدا بێت، ئەوە جێگەی هێزی تایەفەگەری چەكدار نابێتەوە، كە ڕەنگە لایەنگیری لە عێراقێكی یەكگرتوو نەكات، ئەمە هەڵوێستی ئێمەیە لەبارەی حەشدی شەعبییەوە".
bas news-
