پۆلیسى سنوور دەنگۆى كشاندنەوەیان لەناوچە سنوورییەكان ره‌ت ده‌كاته‌وه‌

پۆلیسى سنوور دەنگۆى كشاندنەوەیان لەناوچە سنوورییەكان ره‌ت ده‌كاته‌وه‌


دواى بڵاوبونەوەى هەواڵى كشاندنەوەى هێزەكانى پۆلیسى پاسەوانى سنور لەناوچە سنووریەكانى نێوان عێراق و ئێران، فەرماندەیەكى پۆلیسى سنوور ئەو هەواڵە ڕەتدەكاتەوە و ئاماژەبەوە دەكات عێراق هێز لەناوچە سنوورییەكان ناكێشێتەوە.

عەمید فەخرەدین عەبدوڵا فەرماندەى لیواى سێى پاسەوانى سنوورى سلێمانى، ڕایگەیاند"هەفتەى پێشوو جێگرى وەزیرى ناوخۆى عێراق لەهەولێر لەگەڵ بەرپرسانى پۆلیسى سنووردا كۆبوەتەوە تەنها ئەوەندە باسكراوه‌ كە ناوچە سنورییەكانى نێوان عێراق و كۆمارى ئیسلامى ئێران بەراورد بە ناوچەكانى نێوان عێراق و سوریا و توركیا بێ‌ كێشەیە.

عەمید فەخرەدین وتیشی، راگەیاندن ئەم قسەیەیان هەڵگێراوەتەوە، ئەگینا پۆلیسى سنور ئه‌ركی خۆى هەیە و دەمێنێتەوە."

لەچەند رۆژى رابردوودا هەندێك میدیاى عەرەبى بڵاویانكردەوە، حكومەتى عێراق بەبیانوى ئارامى سنوورەكانى ئێران و گواستنەوەى ئەو هێزانە بۆ ناوچە سنوریەكانى نێوان عێراق وڵاتانى ترى وەكو توركیا و سوریا و كوەیت، پلانى بۆ كشاندنەوەى بەشێك لەو هێزانە و چۆڵكردنى ناوچە سنووریەكانى له‌گه‌ڵ ئێران داناوە.

جەلال شێخ كەریم بریكارى وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى كوردستان، رایگەیاند، هەرچەندە لیواكانى پاسەوانى سنوور سەربە عێراقن، بەڵام گەر پلانى كشاندنەوە لەناوچە سنوریەكانى ئێران بدرێت ئێمە لێى ئاگادار دەبین، بۆیه‌ بریارى لەو شێوەیە نەدراوە."

بەبرواى پسپۆرانى بوارى ئەمنى چۆڵكردنى ناوچە سنووریەكانى نێوان هەرێم و بەغدا لەرِووى ئەمنیەوە زیانى گەورە بە ئاسایشى هەرێمى كوردستان و عێراق دەگەیەنێت و لەمحاڵەتەدا بۆشایى ئەمنى دروست دەبێت.

سێ‌ لیواى سەربە پاسەوانى سنورى عێراق كە تایبەتن بەپاراستنى ناوچە سنورییەكانى نێوان ئه‌و وڵاته‌ له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا لەهەرێمى كوردستان هەن، ئەم لیوایانە كوردن بەڵام سەربە وەزارەتى ناوخۆى عێراقن
payamner-
Top