پەرلەمانتارێک گەندەڵییەکی وەزارەتەکەی گۆڕان ئاشکرا دەکات
رۆژی یەکشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2016، نەهلە هەبابی، ئەندامی لیژنەی کۆچ و کۆچێکراوانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، لەبارەی ئەو گەندەڵییەوە، چاوەڕێی وەڵامی دەرباز محەمەد، وەزیری کۆچ و کۆچپێکراوانی عێراق دەکات، کە لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان وەزیرە.
نەهلە هەبابی رایگەیاندووە، کە وەزارەتەکە سۆبای نەوتی بەسەر ئاوارەکان دابەش دەکات و ئاوارەکان ناچار دەکات کاغەزێک واژوو بکەن، کە لێی نووسراوە ئەو ئاوارەیە ”بڕێک پارە“ی وەرگرتووە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە وەزارەتەکە سۆبای نەوتی بەسەر ئاوارەکان دابەش دەکات بەبێ ئەوەی نەوت بداتە ئەو ئاوارانە و خۆیشیان توانای کڕینی نەوتیان نییە.
بەهۆی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، نزیکەی 100 هەزار هاووڵاتیی مووسڵ ئاوارەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوون، ئاوارەکانیش باس لەوە دەکەن، کە تەنها دەزگای خێرخوازیی بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکارییان دەکەن.
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
