بەتریارکی کلدانەکان پەیامێک بۆ مەسیحییەکانی عێراق دەنێرێت
بەتریارکی کلدانەکانی عێراق و جیهان پەیامێک بۆ مەسیحییەکانی عێراق دەنێرێت و باسی قارەمانێتیی پێشمەرگە دەکات.
رۆژی پێنجشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2016، رۆفایلی یەکەم ساکۆ، بەتریارکی کلدانەکانی عێراق و جیهان لە بەیاننامەیەکدا پەسنی قارەمانێتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و هێزە عێراقییەکان لە رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی عێراق دەکات.
بەتریارک رۆفایلی یەکەم ساکۆ هاوشێوەی پەیامی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، داوای لە مەسیحییەکانی عێراق کردووە ولاتەکەیان بەجێ نەهێڵن و بەشداریی لە بونیادنانی دەزگا پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، تەندروستی و سیاسییەکانی وڵاتەکەیان بکەن.
پێشتر و لە ـچەندین بۆنەی جیاوازدا، مەسعود بارزانی داوای لە مەسیحییەکان، کە زۆرینەیان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، کردووە کوردستانی باشوور و عێراق بەجێ نەهێڵن و بەڵێنیشی پێداون، کە لەگەڵ برا کوردەکانیان پێکەوە لەسەر ئەو خاکە دەژین یاخود پێکەوە دەمرن.
بەهۆی شەڕی تائیفی و ئایینیی و داگیرکاریی رێکخراوی توندڕەوی داعش، دەیان هەزار هاووڵاتیی مەسیحیی پارێزگای نەینەوا و پارێزگاکانی عێراق پەنایان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە هێناوە و ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، هەموو ناوچە مەسیحینشینەکانی پاریزگای نەینەوایان رزگار کردووەتەوە و دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە داگیرکاریش، پێشمەرگە یەکەم زەنگی لە کڵێساکانی حەمدانییە و باشیک لێداوە.
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
BAS NEWS-
