سوپای عێراق پلانێکی نوێ بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ دادەڕێژێت

سوپای عێراق پلانێکی نوێ بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ دادەڕێژێت


ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق پلانێکی نوێ بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی بەری رۆژهەڵات (چەپ) شاری مووسڵ دادەڕێژێت.



رۆژی شەممە 24ـی کانوونی یەکەمی 2016، عەمید یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق رایگەیاندووە، راگەیاندنی ئەو پلان و ستراتیژییە نوێیە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەبێت.



بە گوتەی عەمید یەحیا رەسوڵ، ئەو پلانە نوێیە ”زۆر ورد“ دەبێت و حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرپەرشتیی داڕشتنی کردووە.



بە گوتەی فەرماندە سەربازییەکانی عێراق، تاوەکو ئێستا لە میانەی قۆناغەکانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، 46 گەڕەکی بەری رۆژهەڵاتی شاری مووسڵ رزگار کراونەتەوە.



لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
BAS NEWS-
Top