بەبەڵگەوە... گەندەڵییەكی گەورەی حزبەكەی مالیكی ئاشكرا دەبێ
دەستەی دەستپاكی عێراق چەند بەڵگەیەك لەبارەی گەندەڵییەكی گەورەی پارێزگاری پێشووی بەغدا كە سەر بەحزبی دەعوەی نوری مالیكییە ئاشكرا دەكات، تیایدا سەڵاح عەبدورەزاق بڕی دوو ملیۆن دۆلاری بۆ زانكۆیەكی ئەهلی لە پارەی دەوڵەت خەرج كردووە.
دەستەی دەستپاكی ئاشكرای كردووە ئەو كاتەی سەڵاح عەبدورەزاق لەسەر لیستی دەوڵەتی یاسای و حزبی دەعوە پارێزگاری بەغدا بووە، بڕی 2 ملیۆن دۆلاری بەخشیوەتە زانكۆی ئیمام سادقی ئەهلی، كە ئەو بڕە پارەیەشی لە ماڵی دەوڵەت دەرهێناوە.
زانكۆی ئیمام سادق زانكۆیەكی ئەهلییە و وەك هەر زانكۆیەكی ئەهلی تری عێراق، ساڵانە بڕە پارەیەكی زۆر لە قوتابیانی وەردەگرێ.
جگە لەوەش، حكومەتی عێراق لە سەردەمی مالیكییدا لە گەندەڵییەكی گەورەی تردا، زەوی بەو زانكۆیە دابوو.
بەگوێرەی بەڵگەكان، دەردەكەوێ دوای ئەوەی گەندەڵییەكە بۆ دەستەی دەستپاكی و پارێزگاری نوێ ئاشكرا بووە، ئێستە دۆسیەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەگەڵ ناوبراو كراوەتەوە.
BAS NEWS-
