نووری هەڵمەتێکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی عێراق دەست پێ کردووە

نووری هەڵمەتێکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی عێراق دەست پێ کردووە
هەوڵەکانی نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر دەسەڵات فراوان دەبێت و ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستانیش ئەوە ئاشکرا دەکات کە هەڵمەتێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی عێراق دەستی پێ کردووە.



میدیا عێراقییەکان ئاماژە بە هەوڵێکی فراوانی نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوە دەکەن کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی عێراق دەیدات و دەیەوێت لە پەرلەمانی عێراقەوە دەنگ بۆ هەوڵەکەی کۆبکاتەوە. لەمبارەیەوە عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕاگەیاند: “ئاگادارین کە نووری مالیکی هەوڵی جددی دەدات بۆ ئەوەی بۆ سەر دەسەڵات بگەڕێتەوە، دەشیەوێت هەندێک لە لایەنەکان بە گەڕانەوەی ڕازی بکات”.



جەختیشی لەوە کردەوە: “پارتی دیموکراتیی کوردستان ناچێتە ژێر باری هیچ ئاراستەیەکی نووری مالیکی بۆ ئەوەی بە ناشەرعی دەسەڵاتی بەکار بهێنێت”. گوتیشی: " هەر هەوڵێک بو پشتیوانیکردنی مالیکى کە بە نیازە دەرفەت بێنێت و بۆ سەر دەسەڵات بگەڕێتەوە، دەچێتە ئاستى ناپاکىی نیشتمانییەوە، چونکە تۆمەتبارە بە کەوتنی مووسڵ و بڕینی بودجەی کوردستان و بەهەدەردانی پارەی عێراق”.



عارف ڕوشدی ئەوەشی دووپات کردەوە: “مالیکى هەڵگرى نەفەسێکى مەزهەبگەراى مەترسیدارە، دەبێتە هوکارى شەڕێکی کاولکارى درێژخایەن لە سەرتاسەرى عێراقیشدا".











باسنیوز
Top