به‌رپه‌رچى نوێترين پيلانى چه‌كدارانى داعش له باشوورى كه‌ركووك درايه‌وه
ئه‌و هێرشانه‌ی چه‌كدارانی داعش دوای تێپه‌ڕبوونی دوو مانگ به‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی سه‌ر شاری موسڵ دێت كه له لایه‌ن هێزه عێراقییه‌كانه‌وه ئه‌نجامدراوه و به‌و هۆیه‌شه‌وه شاره‌كه كه‌وتووه‌ته گه‌مارۆوه و له هه‌ر چوار لاوه ئابڵۆقه‌دراوه.
له‌و باره‌یه‌وه (جه‌واد ئه‌لتیباوی) گوته‌بێژی حه‌شدی شه‌عبی رایگه‌یاندووه" ئێواره‌ی دوێنێ چه‌كدارانی داعش هه‌وڵیانداوه له نزیك گوندی شه‌ریعه‌ی رۆژئاوای قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر به 9 ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراو هێرش بكه‌نه سه‌ر هیزهكانمان، به‌ڵام له لایه‌ن هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه هێرشه‌كه‌یان تێكشكێنراوه".
روونیشیكرده‌وه" چه‌كدارانی داعش ده‌یانه‌وێت به رێگه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی پشتی به ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراو به‌ستووه رێگه‌ی ستراتیژی نێوان شاری موسڵ و ره‌ققه‌ی سووریا بكه‌نه‌وه و خۆیان له‌و ئابڵۆقه سه‌ربازییه‌ی سه‌ر شاره‌كه رزگار بكه‌ن پاش ئه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له رۆژئاوای موسڵه‌وه رێگای سووریای له چه‌كدارانی داعش دابڕی".
تیباوی ئه‌وه‌شی گوتووه"چه‌كدارانی داعش ناتوانن به‌و ئامانجه بگه‌ن و ئابڵۆقه‌ی سه‌ر هێزه‌كانیان له موسڵ بشكێنن،ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراویش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دادیان نادات، چونكه حه‌شدی شه‌عبی هه‌موو چه‌ك و كه‌لوپه‌لێكی پێویستی سه‌ربازی بۆ تێكشكاندنیان له به‌رده‌سته و هه‌موو هه‌وڵ و پیلانه‌كانی داعش لای ئێمه ئاشكرایه و هه‌موویان تێكدهشكێنیین".
سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌وڵه له رۆژئاوای موسڵه‌وه، چه‌كدارانی داعش له باشووری كه‌ركووكیشه‌وه هه‌وڵێكی هاوشێوهیانداوه و به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هێرشێكی به‌رفراوانیان كردووه‌ته سه‌ر ناوچه‌ی فه‌تحه له نێوان پارێزگای كه‌ركووك و سه‌ڵاحه‌ددین.
له‌و میحوهرهشهوه عیماد حسێن فه‌رمانده له هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی رایگه‌یاند" چه‌كدارانی داعش له باشووری كه‌ركووكه‌وه هێرشێكی به‌رفراوانییان كردووه‌ته سه‌ر هێزه‌كانمان و به ئاراسته‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبی له نزیك ناوچه‌ی فه‌تحه‌ی رۆژئاوای قه‌زای بێجی باكووری تكریت هه‌وڵی پێشڕهوییانداوه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی" ئه‌و هێرشه‌ی چه‌كدارانی داعش له چوارچێوه‌ی پیلانێك‌دا بووه بۆ شكاندنی ئه‌و ئابڵۆقه‌یه‌ی خراوه‌ته سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌لاتیان له باشووری كه‌ركووك و ویستوویانه گه‌مارۆی سه‌ر ناوچه‌كانیان بشكێن، به‌ڵام پیلانه‌كه‌یان شكستیهێناوه و له‌و هێرشه‌دا ژماره‌یه‌ك كوژراو و برینداریان هه‌بووه و تێكشكاوون، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك شهر به‌رده‌وام بووه له نێوان هه‌ر دوو لادا".
K24 -
