عەبادی داوا لە حزبەکەی مالیکی دەکات واز لە پۆست و سامان بهێنێت

 عەبادی داوا لە حزبەکەی مالیکی دەکات واز لە پۆست و سامان بهێنێت
سەرۆک وەزیرانی عێراق داوا لە حزبەکەی نوری مالیکی دەکات واز لە وەرگرتنی پۆست و سامان بهێنێت.



لە وتارێکدا لە میانەی ساڵیادی دامەزراندنی حزبی دەعوەی ئیسلامی، کە نوری مالیکی، جێگری سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق سەرۆکایەتی دەکات، رایگەیاندووە، پێویستە ئەندام و سەرکردەکانی ئەو حزبە بگەڕێنەوە سەر ئەو بەهایانەی حزبەکە بۆی دامەزراوە.



حەیدەر عەبادی، کە خۆی یەکێکە لە سەرکردەکانی حزبی دەعوە، داوی لە سەرکردەکانی حزبەکەی کردووە واز لە وەرگرتنی پۆست و پلە و سامان بهێنن.



لەو کاتەی نوری مالیکی سەرۆک وەزیران بوو (2006-2014)، زۆرینەی سەرکردەکانی حزبی دەعوە، ئەوانەی لە نوری مالیکی نزیک بوون، بەبێ رەچاوکردنی شیاوی، پۆستە بالاکانی عێراقییان وەرگرت و دەستیان بەسەر سامانی عێراقدا گرت.



زۆرینەی سەرکردە و هاووڵاتییانی عێراق پێیانوایە نوری مالیکی بەشێوەیەکی ”دیکتاتۆریانە“ بۆ ماوەی هەشت ساڵ حوکمی عێراقی کرد و سەرچاوە و هۆکاری هەموو کێشە تائیفی و شەڕە مەزهەییەکانی نێوان سوننە و شیعەیە.



پێشتر لە ساڵی 2013 و بە بریاری نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، بەشەبودجەی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران و هێزەکانی پێشمەرگە بڕاوە، هەروەها زۆرینەی سەرکردە عێراقییەکان پێیانوایە مالیکی هۆکاری داگیرکرانی بەشێکی خاکی ععێراق بوو لەلایەن رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.





باسنیوز
Top