حزبی دەعوە هەڕەشە لە هێرشبەرانی سەر مالیکی دەکات
بەپێی بەیاننامەیەک، حزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراق راگەیاندووە، ئەوانەی خۆپیشاندانیان لە بەسرە دژی نوری مالیکی، ئەمینداری حزبی دەعوە و جێگری سەرۆک کۆماری عێراق ئەنجام دا، ”ژمارەیەکی کەم و دەرچوو لە یاسا بوون“.
حزبی دەعوە پێیوایە ئەوانەی بە بەرد و پێڵاو هێرشیان کردە سەر نوری مالیکی، سەر بە کوتلەیەکی سیاسیی دیاریکراون، کە مەبەستی لە رەوتی سەدرە و ”مالیکی کۆتایی بە تاوانەکانیان هێنا لە ئۆپەراسیۆنی سەوڵەت فرسان“.
لە مانگی ئاداری 2008، نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق سەرۆکایەتیی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دژی رەوتی سەدر و سوپای مەهدی بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر کرد و ناوی لە ئۆپەراسیۆنەکە نا سەوڵەت فورسان.
حزبەکەی نوری مالیکی هەڕەشەی لە هێرشبەران کردووە و رایگەیاندووە، ”ئەو دەررچووانە لە یاسا رووبەڕووی سەڵەت فورسانێکی دیکە دەبنەوە، بۆ بەرگری کردن لە شاری بەسرە و خەڵکە باشەکەی“.
بەپێی زانیارییەکان، لە شارەکانی میسان، ناسریە و بەسرە بە بەرد و پێڵاو هێرش کرایە سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی ونری مالیکی و داوای دەرکردنیان دەکرد، هاوکات لە شاری ناسریە ناچاریان کرد کۆنگرەیەکی عەشایەری بەجێ بهێڵێت.
دوای گەڕانەوەی بۆ بەغدا، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاندووە، سوپاسی ئەو هاووڵاتییانە دەکات، کە دژایەتیی ”هەڵسوکەوتی نایاسایی و دژبەری یاسا و ئاداب“ ئەو کەسانەیان کردووە، کە هێرشیان کردووەتە سەری.
زۆرینەی سەرکردە و هاووڵاتییانی عێراق پێیانوایە نوری مالیکی بەشێوەیەکی ”دیکتاتۆریانە“ بۆ ماوەی هەشت ساڵ حوکمی عێراقی کرد و سەرچاوە و هۆکاری هەموو کێشە تائیفی و شەڕە مەزهەییەکانی نێوان سوننە و شیعەیە.
پێشتر لە ساڵی 2013 و بە بریاری نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، بەشەبودجەی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران و هێزەکانی پێشمەرگە بڕاوە، هەروەها زۆرینەی سەرکردە عێراقییەکان پێیانوایە مالیکی هۆکاری داگیرکرانی بەشێکی خاکی ععێراق بوو لەلایەن رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
