عەبادی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی نەینەوا بەسەر دەکاتەوە
هەروەک لە پەیجی تایبەتیی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا بڵاو کراوەتەوە، رۆژی دووشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2016، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق چووەتە یەکەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی نەینەوا (هاتین ئەی نەینەوا) لە دەوروبەری شاری مووسڵ.
حەیدەر عەبادی، کە جلی سەربازیی تایبەتی پۆشیوە، لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان کۆ دەبێتەوە و تاوتوێی دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی رزگارکردنەوەی مووسڵ دەکات.
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
